دژەتیرۆر و ھەواڵگریی کەرکوک تۆڕێکی تیرۆرستان ھەڵدەوەشێنن کە دەیانویست لە ڕەمەزاندا کاری تیرۆرستیی ئەنجامبدەن
دژەتیرۆر و ھەواڵگریی کەرکوک تۆڕێکی تیرۆرستان ھەڵدەوەشێنن کە دەیانویست لە ڕەمەزاندا کاری تیرۆرستیی ئەنجامبدەن
لە ئۆپەراسیۆنێکی ھەواڵگریی ورددا، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر_CTG بە ھەماھەنگیی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی ھەواڵگریی و ئاسایشی کەرکوک، توانیان تۆڕێکی تیرۆرستان ھەڵبوەشێنن کە ئامانجیان ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆرستیی بوو لە مانگی ڕەمەزاندا لە ھەردوو پارێزگای کەرکوک و موسڵ.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ١١-٠٣-٢٠٢٤ ئەنجامدرا، تێیدا تیرۆرستێک بەناوی (ا،م،ا) خەڵکی موسڵ و دانیشتووی کەرکوک دەستگیرکرا، کە تیرۆرستی ناوبراو ئەندامی یەکێک لە لقە چەکدارەکانی تیرۆرستان بووە و لەناو شاری کەرکوکدا بەناوی ڕێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ھەڕەشەی کردووە و پارەی لە خەڵک سەندووە.
ھەروەھا لە دانپێدانانەکانیدا دەرکەوت کە ئەم گروپە چاودێری بەردەوامی خاڵەکانی پشکنین و پۆلیس و کێڵگە نەوتییەکانیان کردووە لەناو کەرکوک بە مەبەستی بە ئامانجگرتنیان، ھەروەھا ژمارەیەک کەرەستەیان دەستخستووە تا لەڕێیەوە بتوانین تەقەمەنی (عەبوە) دروستبکەن و لە کردووە تیرۆرستییەکاندا لە کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا بەکاریبھێنن.
پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەردەوام بە ھاوکاری بەڕێوبەرایەتیی ھەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک، ھێزی پشتیوانیی پۆلیسی کەرکوک، ھێزی مغاویری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، توانرا تەواوی ئەندامانی تۆڕە تیرۆرستییەکە دەستگیربکرێن، لەنێویاندا تیرۆرستێک بەناوی (ف،ح،ع) کە یەکێکە لە بەرپرسانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە بەناو ویلایەتیی موسڵ کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە چەندین کەیسی تیرۆر داواکراوبوو، ھەروەھا تیرۆرستێکی دیکە بەناوی (ێ ع ر) کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی بەناو پۆلیسی ئیسلامی لە بەناو ویلایەتی دیجلەی ڕێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش).